با به‌ ناو و ناوك یه‌ك بین

Khider Kosari

با هه‌رهه‌موومان
ناوێك بین
پێناوێك و
مێژووی به‌رزی په‌ڕاوێكین
هه‌ریه‌كمان
یه‌ك قومه‌ ئاو بین
شه‌پۆل و تین و ته‌وژمی
لافاوێكین
هه‌ركه‌سمان
یه‌ك شه‌مچه‌ دابگیرسێنێت
ئه‌وساكه‌ینێ
شه‌وق و تیشكی هه‌تاوێكین
با هه‌ركاممان
خونچه‌یه‌ك بێت
له‌و كه‌ژه‌دا، به‌بێ گوڵزاری نه‌وبه‌هار
به‌بێ په‌نجه‌ی نه‌رمی شه‌ماڵ،
به‌هارێكین
ده‌كه‌وابوو
تاكه‌ی یه‌ك یه‌ك، دووربین له‌ یه‌ك؟
ڕامێنن له‌هه‌موو ڕێیه‌ك
یه‌ك، یه‌ك، به‌ڵام
یه‌كیان ڕێیه‌
یه‌كیان ئاوی سازگاری
گڕی ده‌روونی مه‌ی پێیه‌
نه‌ك هه‌موو یه‌ك
ده‌با هه‌موو
هه‌ر وه‌كوو یه‌ك
دڵمان گو‌ێڕایه‌ڵی ده‌نگی یه‌ك ڕێگا بێت
تاقه‌ ڕێیه‌ك
له‌م ڕۆژه‌دا
یه‌ك سه‌ر و ده‌ست و یه‌ك هه‌ست و
یه‌ك هه‌ڵوێست و
به‌یه‌كه‌وه‌، یه‌كه‌ یه‌كه‌ی دوژمن، یه‌ك یه‌ك
ده‌تۆپێنین
یه‌كانه‌ی مه‌رگ، به‌ یه‌ك ته‌كان
ده‌تۆقێنین
یه‌ك به‌یداغ و  یه‌ك په‌رستن
یه‌ك سه‌ركرده‌ و یه‌ك گه‌یاندن
به‌ یه‌ك هێرش، یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌
سه‌ركه‌وتن
له‌سه‌د دونیاش، یه‌ك جار مردن